له حاڵی حازردا ٤ هه‌زار پۆلی خوێندن له قوتابخانه‌کانی پارێزگای ورمێ پێویستی به چاکردنه‌وه‌و پته‌وكردن هه‌یه.
فه‌ریبۆرز ئیسماعیلزاده، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پۆشتهكردنو چاكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان وێڕای ئاماژه به گه‌ڵاڵه‌ی پته‌وكردنی خوێندنگه‌كان گوتی له ساڵی ٨٥ تا ئێستا به‌پێی ئه‌م بوودجانه‌ی ته‌رخان كراون، هه‌زار و ٨٥٠ كلاسی ده‌رس تێکدراونو سه‌ر له نوێ دروستیان كردوونهوهو ٤ هه‌زار كلاسی دیكه‌ش پێویستییان به نۆژه‌نكردنه‌وه‌و پته‌وكردن هه‌یه.
ئیسماعیلزاده هه‌روه‌ها باسی له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كلاسه كۆن‌و ڕووخێندراوهكان كرد و گوتی: ٣٠٠ پۆلی خوێندن له پارێزگای ورمێ به نیوه‌ڕووخاوی ماونه‌ته‌وه و١ هه‌زار و ٨٦١ پۆلی دیكه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی بوودجه ئه‌م به‌شه‌یان پێ نه‌بڕاوه‌و وه‌به‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه نه‌كه‌وتوون.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نۆژه‌نكردنه‌وه، پهرهپێدانو پۆشته‌كردنی قوتابخانه‌كانی ورمێ ڕایگه‌یاندووه بوودجه‌ی پێویست بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌م پۆلانه ٢٥٠ میلیارد تمه‌نه. ئه‌و وێڕای ئاماژه به‌م مه‌سه‌له كه له ئێستادا ئه‌م پارێزگایه له‌گه‌ڵ كه‌میی فه‌زای خوێندن‌و په‌روه‌رده به‌ره‌وڕوویه، گوتی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌م گرفته پێویستیی به دروستکردنی ٥ هه‌زار كلاسی ده‌رسی نوێ هه‌یه.
له لایه‌كی دیكه‌وه جێگری توێژینه‌وه، به‌رنامه داڕشتن‌و هێزی مرۆیی ئیداره‌ی گشتیی په‌روه‌رده‌و بارهێنانی ورمێ ده‌ڵێ: ئه‌و پارێزگایه نزیكه‌ی ٢٥ هه‌زار پۆلی خوێندنی هه‌یه كه له‌م ڕێژه‌یه ته‌نیا ٤٨٠٠ پۆل “هۆشمه‌ند” كراون.
ئیبراهیم محه‌ممه‌دی وێڕای ڕاگه‌یاندنی ئه‌م بابه‌ته گوتی به سه‌رنجدان به وه‌ی كه نزیكه‌ی ٥٧٠ هه‌زار قوتابی له خوێندنگه‌كانی ئه‌م پارێزگایه خه‌ریكی ده‌رس خوێندنن، زیرهكسازی ئه‌م قوتابخانه‌و كهلكوهرگرتن له تێكنۆلۆژیی نوێ پێویستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره.