گۆڤاری بیزینێس ئینسایدێر، لیستی ١٨ وڵاتی به‌ڵالێدراوی بڵاو كردۆته‌وه‌و، ئێران له ڕیزی ده‌یه‌می ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌دا جێی گرتووه.
بیزینێس ئینسایدێر ئه‌م ئاماره‌ی له سه‌ر بنه‌مای ئاماری ساڵی ٢٠١٤ی “ده‌فته‌ری ڕاستییه‌كان”ی سه‌ر به ڕێكخراوی هه‌واڵگریی ناوه‌ندیی ئا‌مریكا بڵاو كردۆته‌وه. ئێران له ڕیزبه‌ندیی جیهانیی پێوانه‌ی نه‌هامه‌تی له ساڵی ٢٠١٣دا له نێو ٩٠ وڵات‌دا، له ڕیزی دووهه‌م‌دا جێی خۆش کردبوو.
به‌پێی ئه‌م لیسته‌یه، پێوانه‌ی نه‌هامه‌تی‌و داماوی له ئێران سه‌دی ٢٦، نرخی ئاوسان سه‌دی ١٦و ڕێژه‌ی بێكاری سه‌دی ١١ دیاری كراوه. پێوانه‌ی نه‌هامه‌تی له نێو سه‌رجه‌م ڕێژه‌ی بێكاری‌و نرخی ئاوسان ده‌ست ده‌كه‌وێ.
ئه‌م ڕاپۆرته پێشبینی ئه‌وه‌ی كردووه كه هه‌ڵگیرانی گه‌مارۆكان له سه‌ر ئێران ده‌توانێ ببێته هۆی پێكهاتنی گه‌لێك ده‌رفه‌تی ئابووری له‌م وڵاته، ئه‌وه له حاڵێك دایه كه به‌م زووانه ٤ وه‌زیری كابینه‌ی حه‌سه‌ن ڕووحانی، له بابه‌ت گۆڕدرانی شكست بۆ قه‌یرانی ئابووری ده‌وڵه‌تی ناوبراویان وریا كردۆته‌وه.
مه‌سعوود خانساری، سه‌رۆكی ژووری بازرگانیی تاران ده‌ڵێ له نیوه‌ی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ گه‌شه‌ی ئابووریی ئێران زۆر له كزی دابوو، ئه‌وه‌ش بوو به هۆی ئه‌وه‌ی كه نشستێكی زۆر قورس باڵ به‌سه‌ر ئابووریی ئێران‌دا بكشێ به شێوه‌یه‌ك كه له‌٣٠ ساڵی ڕابردوودا وه‌ها شكستێك وێنه‌ی نه‌بووه‌و هه‌ر ڕۆژه‌و چاوه‌ڕوانی داخرانی كارخانه‌یه‌ك ده‌كرێ.