کرێکارێکی لاوی خەڵکی شاری خۆی، لە کاتی کار کردندا گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کرێکارێکی خەڵکی شاری “خۆی”، بە ناوی “یەعقووب سادقی”، تەمەن ٣٠ ساڵ، لە کاتی کار کردندا بەهۆی ڕووخانی دیوارەوە گیانی لەدەست دا.
ئەو کرێکارە کە لە گوندی “ڕاویان”ـی قوتووری سەر بە شاری خۆی خەریکی کار کردن بووە، تووشی ئەم ڕووداوە هاتوە و لە ڕێگەی گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
شایانی باسە، دۆخی ژیانی کرێکاران لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستاندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر دەبێ و ساڵانە چەندین کرێکار بە هۆی ناستاندار بوونی کەرەستەکانی کار کردن و نەبوونی ئەمنییەتی گیانیی کرێکاران، تووشی ڕووداوی کار دەبن و گیانیان لە دەست دەدەن و هیچ لایەنێکی دەسەڵاتیش لە بەرامبەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و؛ هیچ هەوڵێکی جیددییش لە لایەن کاربەدەستانەوە بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران نەدراوە.