ڕۆمانی “دایک” لە نووسینی “ماکسیم گورکی” ساڵی ١٩٠٦ لە بابەت کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە ڕووسیە نووسراوە. ئەم ڕۆمانە بە چەندین زمانی زیندووی دنیا وەرگێڕدراوەتەوە و هەتا ئێستا چەندین جار وەک فیلم چۆتە سەر پەردەی سینەماکان.
ساڵی ١٩٢٦ فیلمێکی بێدەنگ (صامت) بەو ناوە لە “وۆسواڵد پۆدۆڤکین” ساز کرا. ساڵەکانی ١٩٩٠ و ١٩٩٥ دوو دەرهێنەر “گلێب پانیفیلۆڤ” و “مارک دانیسکۆی” ئەو ڕۆمانەیان بە شێوەی فیلمێکی درام خستە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەگەر ئێمە بمانهەوێ لەو کتێبە تێ بگەین، لە سەرەتادا لەگەڵ نووسەرەکەی ئاشنا بین و بزانین چۆن ژیاوە و چۆن بیرۆکەی ئەو ڕۆمانە هاتوەتە مێشکیەوە و، بۆچی “گورکی” لەو کاتەدا یەکێک لە ناسراوترین نووسەرانی جیهان بووە؟
“ماکسیم گورکی” بە نووسینی ئەو ڕۆمانە بە تەمای ئەوە بووە زۆرداری و هێزی لە ڕادە بەدەری سەرمایەداری کە بە زۆرەملی بوو، لە ڕووسیە نیشان بدا. ئەو لەو کتێبەدا باس لە جوامێری و شەرافەتی مرۆڤ دەکا. ئەو کات گورکی بە کەسێکی سۆسیالیست ناسرابوو، ئەو پیوەندی لەگەڵ حیزبی سۆسیال دێموکراتی ڕووسیە هەبوو. لە ساڵەکانی ١٩٠٢ “پیۆتۆ زالۆمۆف” بە ئاڵای سوورەوە لە یەکێک لە خۆپیشاندانەکاندا لە پێش خۆپیشاندەرەکان دەڕۆی، ئەو لاوە ئەندامی کومیتەی حیزب بوو بۆیە هەر ئەو کاتە دەستبەسەر و مەحکووم کرا.
“ماکسیم گورکی” کەسایەتیی (پاوڵ ولاسۆف)ـی لە ڕووی ئەو لاوەوە هەڵگرتوە.
ساڵی ١٩٠٥ بەو هۆیەی کە “ماکسیم گورکی” پێوەندیی بە خۆپیشاندەرانی ژانوییەوە هەبوو دەستبەسەر و زیندانی کرا، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە نێو خەڵکدا کەسێکی ناسراو و خۆشەویست بوو دەوڵەت لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک ڕووبەڕوو بوو و ناچار بوو کە زۆر زوو ئازادی بکا، بەڵام هەر لەژێر چاودێرییدا بوو. لەگەڵ ئەوەی کە گیرا و هەڕەشەی زۆریشی لێ کرا پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزب هێشتەوە. دوای ماوەیەک چوو بۆ فنلاند بەڵام لەوێش ئەو پێوەندییە هەر بەردەوام بوو و لە ئاکامدا لە ساڵی ١٩٠٦ـدا دەستی بە نووسینی ڕۆمانی “دایک” کرد. لە ساڵی ١٩٠٢ کە بیرۆکەی ئەو ڕۆمانە کەوتە مێشکی “گورکی”ـیەوە هەتا ساڵی ١٩٠٦ کە هێنایە سەر کاغەز، ڕووداوگەلێکی زۆر ڕووی دا. لەو کاتەدا بوو کە نیهزەتی کرێکاری پەرەی سەند و “لێنین” لەو ماوەیەدا بوو کە حیزبێکی دروست کرد و دەستی بە چالاکی کرد.
گورکی زۆر زوو ڕۆمانی “دایک”ـی نووسی و چونکین ڕۆمانەکەی باسی جووڵانەوەی چینی کرێکاری تێدا بوو “لێنین” سپاسی لێ کرد و، لەو پێوەندییەدا بە “گورگی”ـی گوت: “ئێوە کارێکی زۆر باشتان کرد کە بە پەلە ئەو ڕۆمانەتان نووسی، چونکە هەم زۆر بەسوودە و هەمیش لە کاتی گونجاودایە. زۆربەی کرێکاران بەبێ بیر و هزر و شعووری ڕاستەقینە و تەنیا لەبەر غروور دێنە نێو شۆڕشەوە. ئەوەی ئەوان دەکێشێ بۆ نێو شۆڕش تەنیا غەریزەی ویستی ئازادییە کە بۆ ئەو کارە هانیان دەدا و لەو شۆڕشەدا بەشدار دەبن و ئێستا “دایک” دەخوێننەوە و سوودی لێ وەردەگرن.”
سەرەتای چیرۆکی ڕۆمانی دایک باس لە کرێکارێکە کە ٥٠ ساڵ لە تەمەنی لە کارخانەیەک کاری کردوە و دووکەڵی هەڵمژیوە. ئەو بۆ ئەوەی ماندووی بحەسێتەوە و بیر لە هیچ نەکاتەوە، هەموو ڕۆژێک مەشرووب دەخواتەوە و، کاتێک مەست دەبێ بەر دەبێتە گیانی ژنەکەی و لێی دەدا. ئەوە کاری زۆربەی کرێکارانی ئەو کات بووە و ژیانی زۆربەی ژنانی ئەوکات وەک ژیانی “پلاگی” بوو. ئەو هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە کوڕەکەی (پاوڵ ولاسۆف) وەک باوکی نەچێ و ئەو کارانەی ئەو نەکات، یانی مەشرووب نەخواتەوە و لەو نەدا و دڕەندە نەبێ.
دوای مردنی باوکی، “پاوڵ” وردە وردە ڕفتاری گۆڕدرا. بەردەوام کتێبی دەخوێندەوە و دوای خوێندنەوەیان دەیشاردنەوە؛ هەر ئەوەش دەبێتە هۆی نیگەرانیی دایکی.
پلاگی (دایک) دڵخۆشە کە کوڕەکەی مەشرووب ناخواتەوە و مەست نابێ، بەڵام خوێندنەوەی ئەو کتێبە قاچاخانەش ئەوەندەی دیکە نیگەرانی دەکرد.
بیر و فکری پاوڵ بە شێوەیەک دەگۆڕدرێ کە زۆر جار پلاگی نایناسێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەو قسەیەی پاوڵ کە دەیگوت: “کرێکاران دەبێ دەرس بخوێنن و بزانن کە بۆچی ژیانیان ئاوا دژوارە”، زۆر سەیر و دوور لە ئەقڵ بوو.
دایک زۆر لە داهاتوو دەترسێ کاتێک ئەوە بە کوڕەکەی دەڵێ ئاوای وڵام دەداتەوە: “هیی ئەو ترسەیە کە هەموو خەریکین دەمرین و ئەو کەسانەی کە بە سەرماندا زاڵن سوود لەو ترسە وەردەگرن.”
دوای ماوەیەک پاوڵ چەندین هاوڕێی دەبینێتەوە کە ئەوانیش هەمان بیر و هزری ئەویان هەیە و وەک ئەو خەریکی خوێندنەوەی کتێبن. ئەوان دوای ماوەیەک موتاڵا و خوێندنەوەی کتێبی جۆراوجۆر و قسە و ڕاوبۆچوون لەگەڵ یەکتر، بڕیار دەدەن کە کارێکی زیاتر بکەن و دەست دەکەن بە نووسین و بڵاوکردنەوەی وتار و بابەت بۆ خەڵک و خەڵکیان لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانیان ڕوون دەکردەوە و، ئەوە یەکەم هەنگاوی پاوڵ و هاوڕێکانی دەبێ.
هەر زۆر زوو مەئموورەکان بەوە دەزانن و دەچن پاوڵ دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی دەکەن. ئەو کاتەیە کە ئێمە کەسایەتیی دایک دەناسین. هاموشۆی هاوڕێکانی پاوڵ و قسە کردن لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر دایک هان دەدا بە بڕە خوێندەوارییەکی کە هەیەتی دەست بکا بە خوێندنەوەی ئەو کتێب و بابەتانەی کە کوڕەکەی و هاوڕێکانی دەیخوێننەوە.
ئامانجی کاری پاوڵ و هاوڕێکانی دیارە و دایک هەتا کۆتایی تەمەنی بۆ ئەو ئامانجە هەوڵ دەدا.
ئامانجی نووسەر لەو ڕۆمانە باس لە بەشێکی گرینگ لە مێژووی یەکێک لە شۆڕشە هەرە گرینگەکانی جیهانە و، ئەوەی کە (دایک) لە هەموو جیهان و لە هەموو ئەو شێوە شۆڕشانە هەیە. کەسایەتیی پلاگی تەنیا لە ڕووسیە و لە ماڵی کرێکارێکی ئەوێ نییە، بەڵکوو لە هەر شوێنێک لاوێک هەست بە زۆرداری و زوڵمی زلهێزان بکا، دایکێک لە پشتی ڕادەوەستێ و ئێمەی کوردیش بە هەزاران دایکمان وەک (پلاگی) هەبووە.
ئێمەی کورد کە ساڵانێکە بەدژی داگیرکەران دەستمان داوەتە شۆڕش و خوێن دەدەین و هەزاران دایکی شەهید و پێشمەرگە و گەریلا و شەڕوان و … هەن لە نێوماندا، کاتێک ئەو کتێبە دەخوێنینەوە تەنیا هەستێکی کە دەمانبێ هەستی لەیەک چوونە، هەستێك کە دەڵێ دایک لە ساڵی ١٩٠٦ نا بەڵکوو هەر دوێنێ، لە ڕووسیە نا بەڵکوو لە هەموو جیهان و لە هەر شوێنێک کە کوڕێک یان کچێک هەست بە زوڵم دەکا و بەدژی ڕادەوەستێ، (دایک)ـێک هەیە.