کاک “ئەحمەد مەعروفی”، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر
کاک “ئەحمەد مەعروفی”، خەڵکی ئاوایی “دەرەزیارەت”ی ناوچەی سەرشیوی سەقز بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
کاک ئەحمەد هەر لە تەمەنی لاویەتییەوە هۆگری کوردایەتی و ڕێبازی دێموکرات بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوبیران وهاوڕێیانی خۆی وەک “فەقێ مەحموودی دەرەزیارەت” و “قادرخان سوڵتان پەنا” و کۆمەڵێک کەسی تر تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتیان لەناوچەی سەقزو سەرشیو بەڕێوە دەبرد.
کاک ئەحمەد لە ساڵی ١٣٢٤ بە ڕەسمی بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زۆر شێلگیرانە و لێبڕاوانە و بە هەست بە بەرپرسایەتیی کردن هەموو ئەو ئەرکانەی کە پێی دەسپێردرا جێبەجێی دەکرد، ساڵی ١٣٥٧ چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد و تا ساڵی ١٣٦٤ لەنێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا مایەوە و دواتر بەهۆی چەند گیروگرفتێکی بنەماڵەییەوە لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات.
ناوبراو لە چەندین عەمەلیات و چالاکی حیزبی وەک شەڕی دراوی دەرەزیارەت، شەڕی تاڵەجەڕ و جادەی سەرشیو و چەندین چالاکی تر بەشدار بوو و دواتریش پێوەندی تەشکیلاتی لەگەڵ حیزبی دێموکرات نەپچڕاند، هەر بۆیە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو، بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانپەروەریەکەیەوە لە ساڵی ١٣٦٥ گیراو بۆ ماوەی دوو ساڵ خرایە بەندیخانەوە و دواتر ئازاد کرا.
ناوبراو تا کۆتایی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی پێشەوا قازی و قاسملوو و شەڕەفکەندی و سەرجەم ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان مایەوە و هەر بەهیوای ئازادی گەل و نیشتمان سەری نایەوە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کاک ئەحمەد مەعروفی و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.