ولادیمیر پوتین، سه‌ركۆماری ڕووسیه ده‌ڵێ ده‌ستێوه‌ردانی وڵاته‌كه‌ی له كاروبار‌و شه‌ڕی نێوخۆی سووریه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی به‌شار ئه‌سه‌دو پاراستنی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له سوریه‌یه. ئه‌و گوتی، مه‌به‌ستی عه‌مه‌لیاتی نیزامیی ڕووسیه له سووریه گه‌ره‌نتیی ده‌سه‌ڵاتی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌ده.
عه‌مه‌لیاتی نیزامیی شه‌ڕكه‌ره‌كانی ڕووسیه له سووریه دوو حه‌وتوو له‌وه پێش ده‌ستی پێكردوه. ڕووسیه به ڕه‌سمی ڕایگه‌یاندوه كه مه‌به‌ست له‌م عه‌مه‌لیاته له نێوبردنی گرووپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی واته داعش له سووریه‌یه، به‌ڵام ئا‌مریكا ده‌ڵێ سه‌دی ٩٠ هێرشه‌کانی ڕووسیه بۆسه‌ر دژبه‌رانی به‌شار ئه‌سه‌ده نه‌ك تیرۆریستانی داعش.
كاربه‌ده‌ستانی توركیه‌ش ده‌ڵێن فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ڕووسیه له ٥٧ عه‌مه‌لیاتی خۆیان له سووریه ته‌نیا دوو جار مۆڵگه‌كانی داعشیان پێكاوه‌و ئه‌وانی دیكه هه‌مووی له دژی نه‌یارانی به‌شار ئه‌سه‌د به‌كار هاتوون. چه‌كدارانی دژبه‌ری به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ڵێن مه‌به‌ستی ڕووسیه به‌هێزكردنی هێزه‌كانی وه‌فاداری به‌شار ئه‌سه‌د له ناوچه‌كانی ڕۆژاوا‌و باكووری ڕۆژاوای سووریه بووه.
پوتین به كاناڵی تلویزیونیی ڕووسیه “وان تی وی”ی ڕاگه‌یاندوه كه هێرشه‌كانی ئێمه له پێناو به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌ده.
ناوبراو له‌م وتووێژه‌دا گوتی كه سووریه به بێ یارمه‌تیی مۆسكۆ، له ده‌ست گرووپه تیرۆریسته‌كان شكست دێنێ. پوتین هه‌روه‌ها ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ر ئێستا گه‌مارۆ دراوه‌و شێوه نیزامیانی چه‌كدار له نزیك شاری ده‌مێشق جێگیر بوون.
سووریه نزیك به ٥ ساڵه تووشی قه‌یرانی شه‌ڕی نێوخۆیی هاتووه. ناڕه‌زایه‌تیه هێمنانهكانی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته كه له مانگی مارسی ساڵی ٢٠١١ به‌دوای شه‌پۆلی ناسراو به به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌ستی پێكرد، به سه‌ركوتی بێ به‌زه‌ییانه‌و خوێناویی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د ورده ورده شه‌ڕی نێوخۆیی هه‌ڵایساند. ئه‌م شه‌ڕه تا ئێستا زیاتر له ٢٥٠ هه‌زار قوربانیی لێكه‌وتۆته‌وه‌و زیاتر له ٧ میلیۆن كه‌س ئاواره بوون و په‌نایان بۆ وڵاتانی بیانی بردووه.