هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هێرشێکی بەرینیان بۆ سەر ماڵپەڕی روانگە دەست پێ کردوەو وێڕای دەستگرتن بە سەر ماڵپەڕەکە، بەرپرسو یەکێک لە ئەندامانی دهستهی نووسەرانی ئهو ماڵپهرهیان دەستبەسەر کردو هاوکات دەستیان بە سەر ماڵپەڕەکەش دا گرت.
بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، حەسەن شێخ ئاقایی، بەرپرسی سایتی روانگە، رۆژی چوارشەممە ١٥ی رەزبەر لە دەوافرۆشیەکەی خۆی لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. هاوکات یونس قوربانی فەڕ، یەکێک لە ئەندامانی شورای نووسەرانی ماڵپەڕەکەش دەستبەسەر کرا کە دوای چەند کاتژمێر ئازاد کرا.
هێرش و دەستبەسەرکردنی حەسەن شێخ ئاقایی، بەرپرسی سایتی روانگە لە کاتێک دا بوو کە هەمان رۆژ بەڕێوەبەرانی ئەو ماڵپەڕە رایانگەیاند کە ماڵپەڕەکە چیدی لە ژێر دەستی ئەوان دا نەماوە و بەرپرس نین لەو بابەتانەی کە لەمەودا لە ماڵپەڕەکە دا بڵاو دەبنەوە. هەر هەمان رۆژیش هەواڵێک هاتە سەر ماڵپەڕەکە کە بە شان و باڵی عەلی خامنەیی دا هەڵدەگوت.
کاریکاتۆریست و رۆژنامەنووس حەسەن شێخ ئاقایی، پێشتریش بە دوای سەرهەڵدانەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨ دەستبەسەر کرابوو.
ماڵپەڕی روانگە لە شاری مەهاباد بەڕێوە دەچێو رووماڵی هەواڵو رووداوەکانی موکریانو بە گشتی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا.