کۆماریخوازەکانی ئەمریکا گەڵاڵەیەکی تۆکمەیان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە کردوە و ناردوویانەتە کۆنگرەی ئەو وڵاتە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ١٣ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی زانیارییەکانی کۆماریخوازانی ئەمریکا، گەڵاڵەیەکییان بە دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت خودی خامنەیی وهەروەها دەستوپێوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا داوەتە کۆنگرەی ئەو وڵاتە، ئەگەر پەسەند بکرێ گوشارێکی یەکجار زۆر و یەکلاکەرەوە دەخاتە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا.
لەو گەڵاڵەیەدا داوای گەمارۆ خستنەسەر داراییەکانی خامنەیی بە تەواوەتی، وەزیر و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم کە مافی مرۆڤیان پێشێل کردوە، بەرنامەی مووشەکیی، دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم ، کەشتیڕانی و تەنانەت هێڵی ئاسمانیی ئێران.
هەروەها داوای ئاوەڵاترکردنی دەستی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکا بۆ لێدانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی پێویستدا و لە لایەکی دیکەشەوە گەمارۆی زیاتر خستنەسەر هەموو گرووپە هاوپەیمانە تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا.
شایانی باسە، ئەمریکا دەیهەوێ پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەو وڵاتەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار بە دانوستاندن بکا لە گەڵ دەوڵەتی ئەمریکادا، بەڵام تا ئێستا گرژییەکان هەر بەردەوام لە حاڵی پەرەسەندندان.












