خۆکوشتنی ٢ کەس لە ئەهواز و تاران بە هۆی هەژاری و دواکەوتنی مووچەکانیان.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، کرێکارێکی ئەهوازی بە ناوی “عێمران ڕۆشنی مۆقەدەم”، بە هۆی دواکەوتنی مووچەکەی و وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی بیرە نەوتەکانی ناوچەی “ئۆمیدییە”، پاش ئەوەیکە داوای مووچەکەی دەکا کە چەند مانگە دوا کەوتوە، لەگەڵ بێڕێزی پێکردنی بەرپرسان ڕووبەڕوو دەبێ و ئەویش هەر لە پاڵ بیرە نەوتێکدا خۆی هەڵدەواسێ و لەو ڕێگایەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ.
هەر بە پێی ئەو سەرچاوانە هەمان ڕۆژ لە فڕۆکەخانەی خومەینی لە شاری تاران کرێکارێکی فڕۆکەخانەکە کە لەسەرکار دەردەکرێ، دەچێتە سەربانی فڕۆکەخانەکە و هاواردەکا کە مافی منیان خواردوە و هیچ ڕێگایەکی دیکەم بێجگە لە خۆکوشتن بۆ نەماوەتەوە و خۆی دەخاتە خوارەوە خۆی دەکوژێ.
شایانی باسە، خۆکوژی لە ئێران بە هۆی سیاسەتی دزی و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی و هەروەها هەناردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بۆ تێرۆریستەکانی لوبنان، عێراق، سووریە و بە گشتی سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستنی خەڵکی ئێران بۆتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و دیاری کۆماری ئیسلامیی بۆ گەلانی ئێران .