بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕادەیەکی زۆر لە پارێزگای سنە و بە تایبەتی لە شاری سنە خەریکە تەشەنە دەکا و شاری سنە لە دۆخێکی پڕ مەترسی دایە.
هەرچەندە بەرپرسانی تەندروستی لەو پارێزگایە ئامادە نین کە ئاماری ڕاست و دروست بڵاو بکەنەوە، بەڵام هێندێ سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندوە کە ڕێژەی تووشبوان بە خێرایی لە هەڵکشان دایە و هەتا ئێستا زیاتر لە ١٦٠٠ کەس لە شاری سنە تووشی کۆرۆنا بوونە و نزیکەی ٥٠ کەس گیانیان لە دەست داوە.
بە پێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنەوە، ئێستا جێگا بۆ خەواندنی نەخۆشەکانی کۆرۆنا لەو نەخۆشخانەیە نەماوە و بەرپرسانی نەخۆشخانە داوا لە خەڵک دەکەن خۆیان لە ماڵەوە قەرەنتینە بکەن و سەردانی نەخۆشخانە نەکەن، مەگەر ئەوەی کە لە دۆخێکی خراپدا بن و گیانیان لەمەترسیدا بێ.
ناکارامەیی بەرپرسان لە دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکی هەژار و کەمداهات لە لایەک و، کەمتەرخەمی لە خۆپاراستی خەڵکی شاری سنە و بەگشتی پارێزگاکەی تووشی دۆخێکی مەترسیدار کردۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە هەر لە کوردستان پارێزگای کرماشانیش یەکێک لەو ناوچانەیە کە کۆرۆنا زۆر تەشەنەی سەندوە و لە ڕیزی ئەو پارێزگایانەیە کە دۆخی سووری تێدا ڕاگەیەندراوە و ڕۆژانە بە دەیان کەس تووشی پەتاکە دەبن و ڕێژەی مردوانیش لە زیادبوون دایە.