کچێکی لاوی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی سەقز بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی “هەنگاو”دا بڵاو کراوەتەوە، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “نگین کەرەمی” بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و دوای سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا. لە ماوی سێ حەوتوودا ئەمە چوارەمین کەسە کە بەهۆی کێشە و گرفتی جۆراوجۆر پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن و کۆتایی بەژیانی خۆیان دێنن. لە ماوەی نزیک بە یەک مانگدا لە سەقز سێ لاوی تەمەن ١٤ بۆ ١٧ ساڵ بە ناوەکانی “دانیال حوسێنپوور، ئاڵا عەنبەری و مفیدە حوسێننژاد”، بەهۆی هەژاری و کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
خۆکوشتن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە دیاردەیەک کە ساڵانێکە کۆمەڵگە بەدەستییەوە دەناڵێنێ. سیاسەتی دژە ئینسانی و یاسا دواکەوتوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێڕانەگەیشتن بەخەڵک و کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و نەبوونی و بێکاری لەو هۆ و هۆکارانەن کە خەڵک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سەختە پەنا دەبەنە بەرخۆکوشتن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیاری سەرەکی خۆکوشتنی خەڵکە، ئەو یاسا دواکەوتوەی کە ماوەی ٤١ ساڵە ڕێژیم کاری پێدەکا و بە زەبری چەک و گولـلە بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە، سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گەلانی ئێران و برسی کردنی خەڵک و گەندەڵی لە دامودەزگاکانی ئەم ڕێژیمە خوێنڕێژەدا بوونەتە بەڵای گیانی خەڵک و کاربەدەستانی دەوڵەت بەجێی پێڕاگەیشتن بە خەڵک و ژیانی خەڵک، کاربەدەستانی دەوڵەت هەر لەبیری گەندەڵی و دزی و ڕاووڕووتدان و ئاوڕێک لە ژیانی خەڵک نادەنەوە و خەڵک بە ناچار لە ڕێگەی خۆکوشتنەوە خۆیان لەم ژیانە تاڵە دەرباز دەکەن.