بەپێی هەواڵێک کە لە ناوچەی بۆکانەوە بە دەستمان گەیشتوە. ڕۆژی ١٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی دایە “لیمۆ پوورشەریفی”، دایکی شەهید “ساڵح شەریفی”، خەڵکی گوندی “کانیە ڕەشی”، ناوچەی بۆکان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە. دایە لیمۆ وەک ژنێکی نیشتمانپەروەر و گەلدۆستی کورد کە ڕۆڵەیەکی لە پێناو ئازادی و ڕزگاری گەلەکەیدا لەدەست دابوو، ئاوات و ئارەزووی وەدیهاتنی خەون و ئامانجە پیرۆزەکانی کوڕەکەی بوو. شەهید “ساڵح شەریفی”، کوڕی پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و گیان لەسەردەست بوو کە بەوپەڕی تواناوە خزمەتی حیزب و گەلەکەی دەکرد و لەو ڕێگەیەدا گیانی خۆی فیدا کرد و چووە نێو ڕیزی کاروانی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمانەوە.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە لیمۆ پوورشەریفی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.