دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی خاتوو “زێڕین حەسەنپوور”، دایکی شەهید “عومەر حەسەنپوور”، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.
دایە زێڕین ژنێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بوو کە وەک بنەماڵەیەکی کوردپەروەر هەمیشە تێکەڵاوی کاری کوردایەتی و حیزبایەتی بووە. لە دەورانی حکوومەتی پەهلەویدا “حاجی فەقێ وەتمانی”، هاوژینی کە یەکێک لە ئەندامانی تێکۆشەر و هەڵسوڕی حیزب خەریکی کار و تێکۆشان بوو، لە لایەن ساواکەوە دەگیرێ و ڕاپێچی ئەشکەنجەگاکانی حکوومەتی پاشایاتی دەکرێ، وێڕای ئەشکەنجە و ئازار بۆ ماوەیەکی زۆر زیندانی دەکرێ و دوای ئازاد بوونی لە زیندان لە سەردەشت دوور دەخرێتەوە، واتە تەبعید دەکرێ. بەڵام ناوبراو تا کۆتایی تەمەن هەر وەفادار بە ڕیبازی حیزبەکەی مایەوە. کوڕێکی دیکەی بە ناوی “حاجی محەممەد”، تێکەڵ بە کاری حیزبی دەبێ و ئەویش دەکەوێتە ژێر چاودێری و سەرەنجام لەسەر حیزب ئەویش تووشی زیندان و ئازار و ئەشکەنجەی جەللادەکانی بەندیخانە دەبێتەوە و لەو ڕێگەیەدا تووشی زۆر سەختی و ناخۆشی بوو. لەگەڵ ئەو هەموو سەختیانە، دایە زێڕین ڕۆڵەیەکی شۆڕشگێڕی دیکەی بەناوی “عومەر”، پێگەیاند و پێشکەشی بارەگای دایکی نیشتمانی کرد. شەهید عومەر یەکێک لە پێشمەرگە ئازا و فیداکارەکانی هێزی شەهید موعینی بوو کە ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی لەگەڵ فەرماندەی ئازا و تێکۆشەری دێموکرات کاک “عەبدوڵلا سەددیقی”، لە ناوچەی سەردەشت کەوتنە کەمینی خائینان و بەداخەوە هەردووکیان شەهید بوون.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە زێڕین و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.