تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕ لە ناوچەی پیرانشار قوربانی لێکەوتەوە.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، جووتیارێکی خەڵکی ئاوایی “لکبن”ی، سەر بە شاری پیرانشار بەناوی “ستار ئەسغەری”، کوڕی عەبدوڵڵا، لە کاتی وەرزێریدا، مینێکی چێندراو لە ژێر پێی دا تەقییەوە و بریندار بوو.
بە پێ زانیارییەکانی ئەو ناوەندە، ئەو کەسە لاقی بە سەختی بریندار بووە و بەخێرایی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی نەغەدە کراوە.
جێگای ئاماژەیە، مینە بەجێماوەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و بێخەمی دەسەڵات لە هەڵگرتنەوەی مینەکان و نەبوونی نیشانەکانی ئاگادار کردنەوە، هەموو ساڵێک لە وەرزی بەهار و هاویندا کە جوتیاران لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا کار دەکەن و کەسانێکی زۆریش بۆ کۆکردنەوەی گژ و گیا ڕوو دەکەنە کوێستانەکان، بە هۆیەوە خەڵکانێکی زۆر دەکەونە سەر ئەو مینانەی کە دوای چەند دەیە لە شەڕ هێشتا لەو ناوچانە ماونەتەوە، گیان لەدەست دەدەن و نقوستان و بریندار دەبن.