لە هەڵوێستێکی مرۆڤدۆستانەدا کچێکی لاوی خەڵکی نەغەدە گیانی سێ کەسی لە مردن ڕزگار کرد.
بە پێێ ڕاپۆڕتی چاونیوز، بەرپرسی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٣٩٩دا کچێکی لاوی تەمەن ٢٠ ساڵانەی خەڵکی شاری نەغەدە توانی بە بەخشینی چەند بەش لە جەستەی خۆی سێ کەس لە مردن ڕزگار بکات.
ئەو کیژە لاوە بە هۆی نەخۆشی و خوێنڕێژی مێشک، ماوەیەکی زۆر بوو لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکی دابوو و ببووه هۆی مردنی مێشکی و لەسەر ڕەزایەتی بنەماڵەکەی سێ بەش لە ئەندامەکانی جەستەی ئەو لاوە درانە سێ نەخۆش کە مەترسی مردنیان لەسەر بوو.
شایانی باسە، مرۆڤدۆستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە فەرهەنگ لەنێو خەڵکدا و خەڵکی ڕۆژهەڵات لە بوارە جیاوازەکاندا هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی هاووڵاتیان دەدەن و لەو ڕێگەیەوە دەیانهەوێ خزمەتێک بە کۆمەڵگەکەیان بکەن و هانی خەڵکیش بدەن کە هەنگاوی زیاتر بۆخزمەت کردن بە کۆمەڵگە هەڵێننەوە.