“سم براون بک”، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیی مەزهەبی لە جیهاندا، لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی تایبەت بە ئازادی دینی و مەزهەبی لە جیهاندا گوتی: “لە ئێراندا ١٠٩ ئەندامی کەمینە ئایینیەکان لە زیندان دان و تاوانیان تەنیا باوەڕمەند بوون بە بیروباوەڕی ئایینی خۆیانە، کە تەنانەت ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی بەرچاو بەو تۆمەتە دەسبەسەر و ئیعدام کراون.
شایانی باسە، کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێراندا لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام دەچەوسێنەوە و بە زۆرەملی دەیانهەوێ بیروباوەڕی مەزهەبی شیعی بەسەریاندا بسەپێنن، باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندا تەنیا بە تۆمەتی بیروباوەڕی ئایینیان ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاویان دەسبەسەر دەکرێن و دەخرێنە بەندیخانەکانەوە یان ئیعدام دەکرێن. گوشارێکی زۆر لەسەر کەمینە ئایینیەکانی بە تایبەت یارسانەکان و بەهاییەکان هەیە، کە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاویان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین و بێزاری لە هەڵسوکەوتی کاربەدەستان و ئەو بێڕێزییانەی پێیان دەکرێ وڵات جێ بهێلن یان هێندێکیان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە.












