برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شنۆ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بەدەستمان گەیشتوە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک “خالید عوقابی”، برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوکانی شەهید “محەممەد عوقابی” و شەهید “ڕەحیم عوقابی”، بەهۆی نەخۆشی کۆڕۆناوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک خالید کەسێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو، لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەردا ژیا و یەکێک لە ئاوات و ئارەزووەکانی ڕزگاری گەل وخاکەکەی بوو، هەروەک چۆن دوو برای لەو ڕێگەیەدا گیانی خۆیان فیدا کرد.
کاک خالید دوو برای بە ناوەکانی “محەممەد و ڕەحیم” لە ڕێگەی ئازادی و سەربەستی نیشتماندا شەهید بوون، ئەوان لە ڕێگەی پیرۆزی کوردایەتیدا خزمەتێکی زۆریان بە گەل و شۆڕش کرد و ئازایانە سەریان نایەوە. کاک خالیدیش تا سەر وەفادار بە ڕێبازی برا شەهیدەکانی مایەوە و بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی کۆڕۆنا گیانی لەدەست دا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕیزی کاک خالید عوقابی و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.