حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کورد جێبەجێ کرا
حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا بوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەدانی ٩٩ی هەتاوی، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی “ڕەحیم یووسفی” لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە جێبەجێ کراوە.
ئەو بەندکراوە، ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی بەندیخانە ڕاگوازرابوو و هەوڵی چالاکانی مەدەنی و خەڵکی پیرانشار بۆ لێخۆشبوونی ناوبراو لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە بێ ئاکام مایەوە.
ڕەحیم یووسفی، خەڵکی گوندی سوغانلووی پیرانشار، سێ ساڵ پیش ئێستا دانی بە کوشتنی هاوڕێکەی خۆی ناوە و دواتر دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.
شەوی ڕابردوو بەشێکی زۆر لە خەڵک و چالاکانی مەدەنی هەوڵیاندا کە بنەماڵەی کوژراوەکە ڕازی بکەن بۆ ئەوەی ڕەحیم لەسێدارە نەدرێ، بەڵام هەوڵەکەیان بێ ئاکام مایەوە و سەرەنجام بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی حوکمی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کرا.