وەزیری نێوخۆی تورکیە، ڕایگەیاند کە لەسەتا ٧٥ی دیواری سنووریی لەگەڵ ئێران تەواو بووە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئاناتۆلیی” تورکیە، “سلێمان سویلو”، وەزیری نێوخۆی تورکیە ڕایگەیاند کە لەسەتا ٧٥ی دیواری سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران تەواو بووە. تورکیە لە ساڵی ٩٦ بەولاوە دروستکردنی ئەو دیوارەی دەست پێکردوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە هاتووچۆی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ نێوخۆی باکووری کوردستان.
بە گووتەی وەزیری نێوخۆی تورکیە، پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی دەمبات سەر بە شاری ماکۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە و لە ئیرانەوە دێنە تورکیە و ئەم دیوارە ڕێگای هاتووچۆیان لێدەگرێ.
شایانی باسە ئەو دیوارە کە بەشی زۆری لە پارێزگاکانی ئاگری و ئیغدیری باکوری کوردستان دروست کراوە، هەتا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت.












