حەمەدەمین عەبدوڵلاهی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی بیرجەند بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گواستنەوەی بۆ زیندانی بیرجەند مانی لە خواردن گرتوە.
حەمەدەمین عوبدوڵلاهی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە زیندانە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ حەمەدەمین عەبدوڵلاهی، زیندانیی سیاسیی کورد کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە لە زیندانی شاری تەبەسدا بەند کراوەو لەو ماوەیەدا بۆ زیندانی بیرجەند گواستراوەتەوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دوورخرانەوەی زیاترو نەگەڕاندنەوەی بۆ زیندانی بۆکان ماوەی ١٥ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتوە.
ئەو زیندانییە سیاسییە پێشترو لە گەلاوێژی ئەمساڵیشدا بۆ ناڕزایەتی دەربڕین بە وەزعی پەروەندەکەیو پێنەدانی ئازادیی بەمەرج مانی لە خواردن گرتبوو. لەو کاتدا لە حاڵێکدا دژایەتیی ئەو داوایەی ناوبراو کرابوو کە ئەو زیاتر لە نیوەی ماوە زیندانییەکەی کێشابوو، قانوونیش رێگەی بە داواکەی ئەو دەدا.
حەمەدەمین عەبدوڵلاهی، خەڵکی بۆکان ساڵی ٨٤ ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەسبەسەرو سزای ١٨ ساڵ زیندانو دوورخرانەوە بۆ زیندانی تەبەسی بەسەردا سەپا.
ناوبراو دوای کێشانی ماوەیەک لە حوکمەکەی لە زیندانەکانی مەهابادو ورمێ بۆ زیندانی تەبەسو دوایەش بۆ زیندانی بیرجەند دوورخرایەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دووریی نێوان بۆکانو تەبەس کێشەی زۆری بۆ بنەماڵەکەی سەبارەت بە سەردانو ملاقاتی ناوبراو دروست کردوە.