لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا لانیکەم سێ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی ئیلام، کرماشان و بۆکان، بە هۆکاری جیاواز کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ژنێکی لاوی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی ”نەهیە ئیمامی” بە هۆی کێشەی خێزانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لە لایەکی تر وهەمان ڕۆژ، کەم ئەندامێکی شەڕی ئێران و عێراق بە ناوی “جەهانگیر ئازادی میان کوهی” لە پێش بینای بونیادی شەهیدی کرماشان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دوای ئەم کردەوەیە ئەو هاووڵاتییە ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کرا، بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی گیانی لەدەست دا.
جێی ئاماژەیە، بە پێی زانیارییەکان دەگوترێ کە ناوبراو بە هۆی دواکەوتنی پێدانی “قەرز” لەلایەن ئەو بونیادەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی جۆزەردان، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “شەهلا حاجی” بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەر لەم پێوەندییەدا لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵان بە ناوی “ئارمین”، پەنای بۆ خۆکوژی برد و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لەم پێوەندییەدا یەکێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتیی لە کرماشان باسی لەوە کردبوو کە باوکی گێرۆدەبوو بە ماددەی هۆشبەر، دایکی مردوو، برسییەتی، کاری تاقەتپڕوکێنی منداڵان، تووشبوونی منداڵان بە ماددەی هۆشبەر، ژینگەیەکی نەگونجا و بۆ ژیان کردن و بەکارهێنانیان بە مەبەستی سواڵکردن و چەندین هۆکاری دیکە ڕێگەخۆشکەرن کە منداڵان کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن.
شایانی باسە، دۆخی خراپی ئابووری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بێهیوابوونی خەڵک بە ژیان و داهاتوویە، بۆیە خەڵک بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە نەخوازراوە و هەڵاتن لەدەست کێشە و نەهامەتییەکانی ژیان پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن و کاربەدەستانیش تاوەکوو ئێستا هەنگاوێکیان بۆ چارەسەر کردن یان کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگە هەڵنەهێناوەتەوە.