لە شارەکانی ئێران و کوردستان خەڵک لە بەرامبەر بێخەمی کاربەدەستان و پێنەدانی مافەکانیان چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ژمارەیەکی بەرچاو لە جووتیارانی “ئیسفەهان”، بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە بەرامبەر جێبەجێ نەکردنی داواکانیان و شکاندنی قەول و بەڵێنی کاربەدەستانی دەوڵەت، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دەربڕی و ڕایانگەیاند تا گەیشتن بە داواکارییەکانیان لە ناڕەزایەتیی دەربڕین بەردەوام دەبن.
هەر هەمان ڕۆژ و لە لایەکی تر، کارمەندانی هۆتێلەکان لە بەرامبەر پێنەدانی مووچەی ٤ مانگی کار کردنیان لە بەردەم کۆمپانیای گەشتیاری کۆبوونەوەیەکی ناڕازییان بەڕێوە برد و داوای مافەکانی خۆیان کرد، بەڵام بە پێی زانیارییەکان هیچ لایەنێک وڵامدەری داخوازییەکانیان نەبووە.
هەروەها، ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردان، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی شارەوانی مەهاباد، ئاگرکوژێنەوە، ژینگە و خزمەتگوزاری، لە ناڕەزایەتی بە کەمتەرخەمی بەرپرسان لە ئاست ئەمنییەتی کاری کرێکاران، وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی پێوەندیدار و دواکەوتنی حەقدەستە دواکەوتووەکانیان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان وەڕێخست و خوازیاری وڵامدانەوە بە داخوازییەکانیان بوون.
جێی ئاماژەیە، شارەوانی مەهاباد سەرەڕای ئەوەی کە حەقدەستی مانگانەی کرێکارانی نەداوە، حەقدەستی زیادە کاری کرێکارانی لە ساڵەکانی ( ١٣٩٧ و ٩٨)یشی پشت گوێ خستووە.
لە لایەکی تر و هەر لە شاری مەهاباد، تێکدانی ژینگە و فرۆشتنی ناوچەی سەوزایی لەلایەن شارەداری و شورای شاری مەهاباد ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارەی لێکەوتەوە و ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی جۆزەردان، لە بازاڕی” تارا”ی شاری مەهاباد خەڵکی ئەو شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایتییان بەڕێوەبرد.
خەڵکی ئەو شارە باسیان لەوە کردوە، شورای شار و شارەداری، فەزای سەوز و ژینگەیان بە مەبەستی دروستکردنی خانووبەرە فرۆشتووە و ژینگەی ئەو شارەیان تێک داوە.
هەر لە پێوندەی لەگەڵ دۆخی خراپی ژیانی خەڵکدا، دانیشتوانی گوندی “حەسەن سلێمان” لە ناوچەی “قەڵخانی” دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر بوومەلەزەکەی کرماشان ئاوی خواردنەوەیان نییە.
گوندی “حەسەن سلێمان” لە ٣٠ کیلۆمیتریی شاری “سەرپێڵ زەهاو”، هەڵکەوتوە و خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە له تانکێری ئاو و دەبە کەڵک وەردەگرن کە هەتا ئێستا بەدواداچوونی خەڵک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە ئەنجام نەگەیشتوە.
دانیشتووانی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە: “بەرپرسان کەی لە خەو هەڵدەستن؟ بەڕاستی بەداخین بۆ بەرپرسان، ئێمە چەندین جار داوامان لە بەرپرسان کردوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام وڵامدەر نین”.