چالاکێکی مەزهەبیی خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی کاناڵێکی تێلێگرامی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی مەزهەبی بە ناوی “جەعفەر ئەوسافی”، تەمەن ٣٠ ساڵ و دەسبەسەریان کردوە.
هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی ئەوەی کە ئەو لاوە کوردە کاناڵێکی تێلێگرامی بۆ وڵامدانەوە بە پرسیاری سوننەکان بەڕێوە دەبات، دەستبەسەر کراوە.
“جەعفەر ئەوسافی”، دوای دەسبەسەر کران بۆ شوێنیکی نادیار گوازراوەتەوە و تا ئێستا هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە دۆخی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک دەنگە جیاوازەکان لە ئێران و بە تایبەت کوردستاندا سەرکوت دەکا و بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە سێدارەیان دەدا. ڕۆژانە لە سەر سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەران دەکوژێ و هیچ میدیایەکی سەر بەو ڕێژیمە باسیان ناکا، بەڵام بۆ کوشتنی ڕەشپێستێک لە ئەمریکا، چەند ڕۆژە میدیاکانی ئەو ڕێژیمە بە چڕی پڕژاونەتە سەری وپڕوپاگەندەی پێوە دەکەن.