دوو خوشكی ئێرانی بە تاوانی قاچاغی مادەی هۆشبەر لە دادگایەكی مالیزی دادگایی كرانو یەكێك لەوان حوكمی ئێعدامی بۆ بڕایەوە. ئەم دوو خوشكە 3 ساڵ لەمەوبەر بە تاوانی پێبوونی زیاتر لە 2 كیلۆ مادەی هۆشبەر لە وڵاتی مالیزی دەستبەسەر كرابوون.
هەواڵدەریی ڕەسمیی مالیزی لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، پاش ئەوەی كە ئەم كەسە تاوانبارە نەیتوانی بەرگری لە خۆی بكاو بێتاوان بوونی خۆی بە دادگا بسەلمێنێ، دادگا حوكمی ئێعدامی بهسهردا سهپاند. ئەم ژنه بەوە تاونبار كراوە كە لە عێراقەوە مادەی هۆشبەری بۆ كوالالامپوور، پێتهختی مالیزی بردوه.
سهپاندنی حوكمی ئێعدام بۆ ئەم ژنە بەتەمەنە ئێرانییه لە حاڵێكدایە كە هەر ئێستا پتر لە ٢٢٧ هاووڵاتیی ئێرانی لە زیندانەكانی مالیزیدا توند كراونو بە دەیان كەس لەوان حوكمی ئێعدامیان بۆ بڕاوهتهوه.
بەپێی قانوونی مالیزی پێبوونی زیاتر لە ٥ گرەم مادەی سڕكەر لەم وڵاتە حوكمی ئێعدامی هەیەو، هەڵگرتنی ڕێژەی كەمتر لەوەش دەبێتە هۆی سهپاندنی حوكمی زیندانی درێژماوە؛ هەروەها بارودۆخی ڕاگیرانی ئەم گیراوانەش لەو وڵاتە زۆر نالەبارە. وەزیری گەشتیاریی مالیزی ٢ ساڵ لەمەوبەر ڕایگەیاند، ئەم ئێرانیانەی كە لهسهر تاوانی قاچاغی مادەی سڕكەر بۆ ئەم وڵاتە دهگیرێن، لە قەفەسدا بەند دەكرێن.
شایانی باسە قاچاغی مادەی هۆشبەر، بە تایبەت هۆشبەرە سەنعەتییەكان لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لایەنی وەهای بەخۆوە گرتووە كە هێندێك لەم وڵاتانە وەك مالیزی دەمێكە پێداچوونهوهیان به قانوونەكانی خۆیان لە بابەت پێدانی ویزای گەشتیاری بە هاووڵاتییانی ئێرانی كردوە.