تورکیە و ڕووسیە ڕێککەوتن لەسەر ناردنی بەشی دووهەمی سیستمی ئێس ٤٠٠ بۆ ئانکارا.
سەرۆکی دامەزراوەی بەرگریی تورکیە، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە تورکیە و ڕووسیە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی مۆسکۆ بەشی دووهەمی ئێس ٤٠٠ بۆ تورکیە بنێرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی “ئیرنا”، “سمایل دیمیر”، سەرۆکی دامەزراوەی پیشەسازیی تورکیە لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی “ئێن تیڤی” ڕایگەیاند کە ئانکارا و مۆسکۆ بۆ ناردنی بەشی دووهەمی سیستمی مووشەکیی ئێس ٤٠٠ ڕێککەوتوون و تەنیا هێندێک گرفت لەسەر ڕەوتی ناردنی ئەو سیستمە بۆ تورکیە هەیە.
ناوبراوهەروەها ڕایگەیاند کە ئانکارا سەرەڕای وەرگرتنی ئێس ٤٠٠ لە ڕووسیە، پێشنیاری کڕینی سیستمی پاتریۆتی لە ئەمریکا و سیستمی یوروسامی لە فەڕانسە و ئیتالیا کردوە.
شایانی باسە کە مۆسکۆ و ئانکارا لە ساڵی ٢٠١٧، ڕێککەوتنی پێدانی ئێس ٤٠٠یان واژۆ کردبوو کە ئەو ڕێککەوتنە کاردانەوەی ئەمریکای لێکەوتەوە.
بە پێی هەواڵی میدیاکانی ڕووسیە، ڕادەستکردنی ئێس ٤٠٠ بە تورکیە لە سێ قۆناغدا جێبەجی دەکرێ. بەشی یەکەمی ئەو سیستمە بە فڕۆکە ڕەوانەی تورکیە کراوە و بەشی دووهەمیشی هەر بەو شێوە بەڕێدەکرێ و بەشی سێهەم کە ١٢٠ مووشەک لەخۆ دەگرێ لە ڕێگەی دەریاوە بۆ تورکیە دەنێردرێ.
جێگای ئاماژەیە کە ئێس ٤٠٠ پێشکەوتووترین سیستەمی مووشەکیی ڕووسیەیە کە هەتا سنووری ٤٠٠ کیلۆمتر فڕۆکە دەکاتە ئامانج. دوای گفتوگۆیەکی ئەو دوو وڵاتە سەرەنجام ئەو سیستەمە مووشەکییە ڕەوانەی تورکیە کرا.












