وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشە لە سەرجەم ئەو کۆمپانیا و وڵاتانە دەکات کە مامەڵە لەگەڵ “ئی سێل و ئەیری سێل ” دەکەن.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز”: پاش ئەوەیکە ئەمریکا بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی مرۆیی بۆ تاران بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ جێبەجێکردنی بڕیاری سزادانی دوو کۆمپانیای ئێرانی دواخست، ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ دەکا .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سزاکانی سەر دوو کۆمپانیای ئێرانی، کە تایبەتن بە گواستنەوەی کەلوپەل بۆ ئێران جێبەجێ دەکرێت و سزاکان کارا دەبن و هەردوو کۆمپانیای “ئی سێل و ئەیری سێل” دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تاوەکوو ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەردەوامە و لە ڕێگای ئەو دوو کۆمپانیایە و کۆمپانیاکانی دیکەیەوە کەلوپەلی پەیوەندیدار بە وزەی ئەتۆم دەگوازێتەوە بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی لە نێوخۆی ئێران.
پێدەچێ ئەم بڕیاڕەی ئەمریکا کاردانەوەیەک بێ بە ڕاگەیەندراوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی کە باسی لە پاشەکەوتی یۆرانیومی پیتێندراو بە ڕاددەی ١٥٠٠ کیلۆ کردبوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و نزیک بۆتەوە لە دروستکردنی بۆمبی ناوکی.












