دەوڵەتی وێنزۆئیلا ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەلوپەلی دژە کۆڕۆناوە گەیشتۆتە وڵاتەکەیان.
ڕۆژی دووشەممە، دەوڵەتی وێنزۆئێلا ڕایگەیاند کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە فڕۆکەیەک کیتی دژە کۆڕۆنا ڕەوانەی وێنزۆئیلا کراوە. “حوجەتوڵڵا سوڵتانی”، باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە هەواڵەکەی پشتڕاست کردۆتەوە. جێی ئاماژەیە کە لە وێنزۆئیلا تا ئێستا ٢٣٠٠ کەس تووشی کۆڕۆنا بوون و تە نیا ٢٢ کەس گیانیان لەدەست داوە.
لەگەڵ ئەوەی کە هاوکارییەکانی دوو دەوڵەتی دیکتاتۆر و خۆسەپێنی وێنزۆئێلا و کۆماری ئیسلامی جێگەی گومانن و پێشتریش سێ کەشتی نەوتکێشی کۆماری ئیسلامی گەیشتوونەتە وێنزۆئێلا، ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە کە لەکاتێکدا خەڵکی ئێران بەدەست کۆڕۆناوە دەناڵێنن و نەخۆشخانەکان لەدەست نەبوونی و بێ ئیمکاناتی هاواریان لێ هەستاوە، چۆنە کۆماری ئیسلامی کەلوپەلی دژ بە کۆرۆنا ڕەوانەی وڵاتێکی دیکە دەکا.
لە ئێران بەپێی هەواڵەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تووشبوانی کۆڕۆنا تا ئێستا لە ١٧٤ هەزار کەس تێپەڕیوە و ٨ هەزار و ٣٥١ کەس گیانیان لەدەست داوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەشێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم ئەو ئامارە بە ناڕاست دەزانن و دەڵێن تووشبوانی کۆرۆنا زۆر لەوە زیاترن کە ڕاگەیەندراوە، چۆنە کۆماری ئیسلامی هاوکاری وڵاتێک دەکا کە هەزاران کیلۆمیتر لێیەوە دوورە و تەنیا ٢٢ کەس تا ئێستا بە کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.