هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا.
بە پێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی “حەیدەر عەلی یاری” بە هۆی تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی سنووری گوندی ”سارداو” بە سەختی بریندار بوو و لاقێکی لەدەست دا.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە، ناوبراو تەمەنی ٣٠ ساڵە و لاقی چەپی پەڕیوە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە.
شایانی باسە، مینە هەڵنەگیراوەکانی پاشماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و هەروەها چاندنی مین لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بەئەمنییەت کردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و هەروەها نەبوونی نیشانەکانی ئاگادار کردنەوە لەم ناوچانە، بووەتە هۆی گیان لەدەست دان و بریندار و نوقستان بوونی خەڵکێکی زۆری ناوچە سنوورییەکان، بە تایبەت ئەو جوتیارانەی کە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەوێتە ئەم ناوچانە و لە کاتی کارکرندا مین لە ژێر پێیاندا دەتەقێتەوە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش هیچ هەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی ئەو بنەماڵانە هەڵنەهێناوەتەوە.