باندێکی دزی و گەندەڵی لە کاربەدەستانی ڕێژیم، بە سەرۆکایەتیی جێگری جێبەجێکاری سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم ئاشکرا زیندانی کران.
جێگری جێبەجێکاری سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم “ئەکبەر تەبەری” بە تۆمەتی سەرۆکایەتیکردنی گرووپێکی بەرتیل وەرگرتن لە خەڵک و گەندەڵی دەسبەسەر و لە زیندان دایە، ناوبراو دانی بە تاوانەکانیدا ناوە کە لە ماوەی چەند ساڵ بەرپرسایەتی لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گرووپێکی لە کەسانی ئاسایی، بازرگان، کارمەند و بەرپرسانی حکوومەتیی پێکهێناوە بۆ ئەوەی کە بە شێوەیەکی نهێنی بەرتیل لە خەڵک وەربگرن، لە پێناو جێبەجێکردنی کارەکانیان و بە لاڕێدا بردنی دادگاییەکان و پەروەندەی کەسانێک بە زیانی کەسانێکی دیکە.
هەروەها “عەلی دیواندەری”، بەرپرسی پێشووی بانکەکانی “میللەت و پارسیان” بە تۆمەتی دزی و گەندەڵی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا.
شایانی باسە، دزی و گەندەڵی و بەرتیلخۆری لە کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕۆژانە بەردەوامە و، بۆتە کارێکی ئاسایی و پاش ئەوەی کە دژایەتییەک دەکەوێتە نێوان بەرپرسان، کەسانێک دەبنە قوربانی ئەوانی دیکە و زیندانی دەکرێن و دزە گەورەکان هەر لە خامنەییەوە بگرە تا بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم، بە سڕینەوە و بێدەنگ کردنی ئەوانی دیکە درێژە بە دزی و گەندەڵییەکانیان دەدەن.