چاودێری مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، خوازیاری ئازادیی “عەلی یوونسی و ئەمیرحوسێن مرادی” دوو خوێندکاری دەسبەسەرکراوی زانکۆی سەنعەتی شەریف بوو.
ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، “مایکێك پیج” جێگری بەرپرسیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چاودێری مافی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکدا دەسبەسەرکردنی “عەلی یوونسی و ئەمیرحوسێن مورادی” دوو خوێندکاری زانکۆی سەنعەتی شەریف، کە ماوەی دوو مانگ و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی باوەڕ پێکراو لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون مەحکووم کرد و، داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە دەبێ بە زووترین کات ئەو دوو خوێندکارە ئازاد بکەن.
“ئەمیرحوسێن مورادی”، خوێندکاری بەشی فیزیک و “عەلی یوونسی”، خوێندکاری موهەندیسیی کامپیوتێر، ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەک و بە لێدان و بێڕێزی پێکردن دەسبەسەر کران، دواتر هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو خوێندکارە و کامپیوتێر و کەلوپەلە شەخسییەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردوە.
شایانی باسە، ئەو دوو خوێندکارە تا ئێستا ئیزنی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێنەدراوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژ نییە بە بیانووی جوراوجۆر خوێندکاران و جیابیران دەسبەسەر نەکەن و نەیانخەنە بەندیخانەکانەوە و لەسەر دەربڕینی بیروڕا ئازار و ئەشکەنجە نەدرێن.












