خۆپێشاندەرانی عێراقی لە شاری نەجەف، بنکەیەکی پۆلیسی ئەو شارەیان ئاگر تێبەردا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییە کانی عێراق، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، پاش خۆپێشاندانێکی هێمنانەی خەڵکی نەجەف، پۆلیسی ئەو شارە تەقەی لە خەڵک کرد و ئەمەش بۆتە هۆی تووڕەیی خەڵک و دەستیان داوەتە چەک، پاش تێکهەڵچوونێکی چەکداری بنکەیەکی پۆلیسیان لەو شارە ئاگر تێبەردا و دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمەیان بەرز کردەوە.
شایانی باسە، سەرەڕای هەندێک گۆڕانکاری لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتە خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتین و بە هیچ چەشنێک دەستێوەردان و هێژموونیی و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتەکەیاندا قبووڵ ناکەن.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو ڕوانینە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن خەڵکی شیعەی عێراق و لوبنانەوە ئەو ڕێژیمەی تۆقاندووە، هەربۆیە ڕاستەوخۆ دەستی هەیە لە سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ئەو دوو وڵاتەدا.
لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژ بە گەندەڵی و گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵاتدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە کەوتۆتە بەر هێرش و کۆنسولخانە و بارەگاکانی ئەم ڕێژیمە ئاژاوەگێڕە سووتێنراون و خۆپێشاندەران دژ بە کۆماری ئیسلامی دروشمیان داوە و داوایان کردوە کە واز لە دەستێوەردان لە عێراق بێنێ.












