شەپۆلی دووهەمی کۆڕۆنا زیاتر لە پێشوو خەڵکی تووش کردووە و لە چەند پارێزگایەکی ئێران لەم پێوەندییەدا هۆشداریی دراوە بە خەڵک.
شەپۆلی یەکەمی کۆڕۆنا کە لە ڕێگەی کۆمپانیای “ماهان”ی سەر بە سپای پاسداران گوازرایەوە بۆ شاری قوم و دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی نیزامە گەندەڵەکەیان لە خەڵکیان شاردەوەو و پێشیان پێی نەگرت، هەر زوو بە هەموو شارەکانی ئێراندا بڵاو بۆوە و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە زۆر لە شارەکانی ئێران هاتووچۆ و کار و بازاڕ ڕاگیرا بەڵام بەهۆی بەردەوامی ڤایرۆسەکە و نەبوونی و بێکاری و برسیەتی خەڵک لەمە زیاتر تەحەممولی قەرەنتینەیان نەکرد و حکوومەتیش ئامادەی هیچ هاوکارییەک نەبوو و ڕوحانی فەرمانی دا کە خوێندنگە و دووکان و بازاڕەکان بکرێنەوە.
لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ شەپۆلێکی دیکە لە کۆڕۆنا دەستی پێکردووە و بەهۆی بەریەککەوتن ئێستا زیاتر لە پێشوو خەڵک تووشی کۆڕۆنا دەبن و بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم وێدەچێ کە ژمارەی قوربانیان بگاتە سێ ژمارەیی واتە ڕۆژانە مردن بە کۆڕۆنا لە ١٠٠ کەس تێپەڕێ.
لەم چەند ڕۆژەدا لە ١١ پارێزگای ئێران هۆشداری درا و بەپێی ئامارەکان ئێستا زیاتر لە پێشوو تووشبوان سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن و ئەمەش ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستۆتە دڵی خەڵکەوە.
لە کاتی سەرهەڵدانی کۆڕۆنادا باس لەوە دەکرا کە هاتنی گەرما ڤایرۆسەکە لەناو دەبا بەڵام ئێستا دەرکەوتوە کە هەوای گەرم کاریگەری لەسەر کۆڕۆنا نییە و ژمارەی قوربانییەکان لە ناوچە گەرمەکانی وەک خووزستان و کرماشان بەشێوەیەکی بەربڵاو و خێرا تەشەنەی سەندووە.
وەزارەتی تەندرووستیی ئێران ڕایگەیاند کە تا ئێستا نزیک بە ١٧٢ هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ٨٢٨١ کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٣٦٤ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون. ئەم ئامار و زانیاریانەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە کاتێکدایە کە لیژنەی بەدواداچوونی کۆڕۆنا لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئاماری تووشبوان دووبەرابەری ئەو ئامارەیە کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە.












