ناوەندی فەرهەنگی و فێرکاریی “بەیان”، خولێکی نوێی ڕێنووسی کوردی لە شاری سنە دەست پێکرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ناوەندی فەرهەنگی فێرکاریی “بەیان” خولێکی نوێی ڕێنووسی کوردی تایبەت بە منداڵان و مێرمنداڵان، لە شاری “سنە” بە وانەبێژیی خاتوو “مێهری قادری” دەست پێکرد.
جێی ئاماژەیە، ناوەندی فێرکاریی “بەیان” کە بنکە سەرەکییەکەی لە شاری بۆکانە و لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لقی تایبەت بە خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی کردۆتەوە و لە لایەن مامۆستایان و کەسانی دڵسۆز خولە فێرکارییەکان بەڕێوەدەچن.
شایانی باسە، خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لەگەڵ ئەوەی لە ئەسڵی ١٥ی یاساکانی کۆماری ئیسلامییدا ئاماژەی پێکراوە، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردن و ڕێگە نادرێ خەڵکی کوردستان بە زمانی کوردی بخوێنن، هەر بۆیە ئەرکی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی کەوتۆتە ئەستۆی ئەنجومەن و ڕێکخراوە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان و هەروەها مامۆستایانی دڵسۆز ساڵانە چەندین خولی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوە دەبەن و بڕوانامە بە بەشداربووان دەبەخشن.