لە دژی تەقەی پۆلیسی ئێران لە ماشێنێکی هەڵگری ئەفغانییەکان و کوشتنی کرێکارانی ئەفغانی و خستنە ڕووباری “هەریڕوود”ـەوە، خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەبەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە کابول بەڕێوەچوو.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبی هاوپێوندی “همبستگی” ئەفغانستان بە کاردانەوە بە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەفغانییەکان، لەبەردەم باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و ئەو ڕووداوانەیان بە کارێکی دزێو و ناشیرین وەسف کرد.
خۆپێشاندەران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین دەرگا و دیواری باڵوێزخانەکەیان بە ڕنگی سوور پڕژاند.
ئەوان هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە ” خنکاندنی کرێکارانی ئەفغانی لە سەر سنوور” و ” ئاگردانی ماشینێکی هەڵگری ئەفغانییەکان لە یەزد” تاوانبار کرد و ئەوە کارەیان بە جینایەتێک پێاناسە کرد کە هیچ کات لێخۆشبوونی نییە.
لە لایەکی تریش لە “هێلمەند”، بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم پێوەندییەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای دادپەروەرییان بۆ پەروەندەی قوربانییەکانی ئەو کارەساتە کرد.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە شاری “یەزد”ی ئێران لە ماشێنێکدا کۆمەڵێک ئەفغانی سووتان، کە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست دا و ئەوانی دیکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە لە نەخۆشخانەن و هەروەها لە مانگی ڕابردووشدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ٥٢ کرێکاری ئەفغانییان دوای ئەشکەنجە و بێڕێزییەکی زۆر لەسەر سنووری نێوان ئێران و ئەفغانستان، خستە ڕووباری “هەریڕوود”ـەوە و لە ئاکامدا بەشێکیان گیانیان لەدەست دا.












