لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چوار کۆڵبەر برینداربوون.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی یەکشەممە، ۱٨ی جۆزەردانی ۱۳۹۹ی هەتاوی، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری “دیناران”ی ناوچەی ئالانی سەردەشت، تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردوە کە لە ئاکامدا چوار کۆڵبەر، خەڵکی گوندی “بێژوێ” بە ناوەکانی “هاوبیر ئیبراهیمی”، “عوسمان ساڵحی”، “ئەرسەلان عەبدوڵڵاهی” و “ئێبڕاهیم ڕەسووڵی”، بە سەختی بریندار بوون.
جێی بیرهێنانەوەیە، هەر لە ناوچەی سەردەشت، ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە گوندی “نۆکان”، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرد و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێک بە ناوی “عومەر مەسلەحەت” خەڵکی سەردەشت گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوی “ئومید کوشیار و عەبدولڕەحمان شایقی” خەڵکی “میرئاوا”ی سەردەشت بریندار بوون.
شایانی باسە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ ڕەچاوکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ بێ ڕەحمانە کۆڵبەرانی کورد کە بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانیان بە ناچاری ئەم ڕێگەیان گرتۆتە بەر دەداتە بەر دەسڕێژی چەکەکانیان و گیانیان لێ دەستێنێ، یان بەشێکیان بریندار و نوقستان دەبن و بۆ چارەسەری برینەکانیان هیچ لایەنێکی دەسەڵات خۆی بە بەرپرس نازانێ و تەنانەت بە قاچاخچیش تۆمەتباریان دەکا.