دێڤید شنکەر، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە سمینارێکی پەیمانگەی واشینگتۆن ڕایگەیاند “بژاردەیەکی سەخت دەخەینە بەردەم سەرکردە عێراقییەکان، کە دەبێ تەنیا ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتیژیی سیاسی، ئابووری و ئەمنی عێراق بێت”.
بەپێی ئەم هەوال و راپۆرتانەی کە لە پێوەندی نێوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و عێراق بڵاوکراونەتەوە، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی کۆبوونەوەیەکی گرینگ لە سەر پەیمانی ستراتیژیی عێراق و ئەمریکا لە کۆمەڵێک لە سیاسییەکانی دوو لایەن پێکبێ و لایەنی کوردییش لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبێ.
چەند مانگ بەر لە ئێستا لە پارلەمانی عێراق قەراری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پەسەند کرا و ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو لایەنانەیە کە بە کەلکوەرگرتن لە هەستی شیعەگەری و پێکهێنانی هیز و میلیشیا هەمیشە کۆسپێک بووە لەبەردەم پلانەکانی ئەمریکا و دۆستایەتی نیوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و عێراق. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەشێک لە کوتلەکانی پارلەمان و کەسایەتییە شیعەکانی نزیک لەخۆی هەوڵیداوە مەیدانی مانۆری ئەمریکا و پلانەکانی لەو وڵاتە بەرتەسک بکاتەوە. بەپێی قسەکانی دێڤید شنکەر کە باس لەوە دەکا دەبێ تەنیا ئەمریکا هاوپەیمانی ستراتیژیی سیاسی ، ئەمنی و ئابووری عێراق بێت، ئەمە تیرێکە بۆ قەلبی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا هەروەک چۆن لە ڕێگەی گوشاری سیاسی و دیپڵۆماسی و سەربازی ئەو ڕێژیمەی لە سووریە وەدەر دەنێ ، دەیهەوێ لە عیراقیش مەیدان بە کۆماری ئیسلامی تەنگ بکاتەوە و لە عێراقێکی بێ هێژموونیی کۆماری ئیسلامی خۆی ببێتە سوارچاکی مەیدانەکە و جومگە گرینگەکانی سیاسی وئەمنی و ئابووری ئەو وڵاتە بەدەستەوە بگرێ.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش رووخانی حکوومەتی سەددام حوسێن و بە تایبەت دوای نەمانی حوکمی سەددام تێچوویەکی زۆریدا هەتا بتوانێ هێژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێ بەڵام بەهۆی دەستێوەردانەکانی لەگەڵ کێشەی گەورە بەرەوڕوویە و ئەمریکا ڕێگە نادا کە لەو وڵاتە تەڕاتێن بکا و لە لایەکی دیکەشەوە دروشمی خۆپێشاندەرانی عێراقی بۆ وەدەرنانی کۆماری ئیسلامی و دڕاندنی وێنەی ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە و سووتاندنی کۆنسولگەری و بنکەی لایەنە نزیکەکانی ئەو ڕێژیمە نیشاندەدەن کە کۆماری ئیسلامی لەوە زیاتر ناتوانێ لەو وڵاتە ئەسپی خۆی تاو بدا و پیلانە ئاژاوەگێڕییەکانی جێبەجێ بکا.












