پاش ماوەیەکی کەم لە کپ بوونی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی لوبنان بە دژی حیزبوڵڵا و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو وڵاتە، دەستی پێکردەوە.
ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، خەڵکی شارەکانی لوبنان جارێکی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و بە دژی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتەکەیان و هەروەها بە دروشمی دژی حیزبوڵڵای لوبنان و سووتاندنی وێنەی” حەسەن نەسرۆڵا”، ڕێبەری ئەو گرووپە تێرۆریستییە، بێزاری خۆیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵا دووپات کردەوە و بۆ ماوەیەک شەقامەکانیان داخست، کە بوو بە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و پۆلیسی لوبنان.
شایانی باسە، هەر بە وتەی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، کۆماری ئیسلامیی ئێران پارەیەکی زۆر دەداتە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان کە بێگومان ئەو پارەیە بۆ ئاژاوەنانەوە و تێرۆر لە جیهاندا بەکار دەبرێ.
بەهەدەردانی سامانی گەلانی ئێران لە کاتێکدایە کە لە ئێران خەڵک بەدەست بێکاری و برسییەتی و نەدارییەوە دەناڵێنن و بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ئەم ڕێژیمەوە، ڕق و تووڕەیی خەڵک بەرانبەر بە ئێران و ئێرانییەکان ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنی و ئێستا ئێران بۆتە ناوەندی بڕیاری تێرۆر و ئاژاوەگێری لە جیهاندا.












