“محەممەد ڕەزا حەیاتی”، بێژەری هەواڵ لە تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە هۆی لایەنگری لە گۆرانیبێژێکی ئێرانیی دەرەوەی وڵات لەکارەکەی دوور خرایەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، پاش ئەوەیکە “محەممەدڕەزا حەیاتی”، بێژەری هەواڵی کاناڵی یەکی “صدا و سیما”ی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا باسی لەوە کردبوو کە حەزی لە دەنگی گۆرانیبێژێکی ئێرانییە بە ناوی “ئێبی” کە لەدەرەوەی ئێران دەژی، لە لایەن بەرپرسەکانییەوە لەسەرکارەکەی دەرکراو بە ناوبراویان ڕاگەیاندوە کە هەقی نییە درێژە بە کارەکەی بدا.
هەروەها چەند ڕۆژ پێشتریش بەرپرسی بەشی هونەریی پارێزگای خووزستان بە هۆی حەزکردن لە دەنگی گۆرانیبێژی ئێرانی “موعین ئیسفەهانی” لەسەر کارەکەی دەرکرا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی ٤١ ساڵە نەک هەر ئیزن نادات هونەمەندان و گۆرانیبێژان ئازادانە هونەری خۆیان بنوێنن، بەڵکوو دەبێ هەموو ئیدە و کارە هونەرییەکانیان لە فیلتەری ئاخوندە تاریک پەرەستەکان ڕەت بێ. بەم هۆیە زۆر لە هونەرمەندان نیشتمانی خۆیان جێ هێشتوە و ئاوارەی هەندەران بوون، هەروەها حەز کردنی خەڵک لە دەنگی ئەو گۆرانیبێژانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن ئاکامەکەی ئازار دان و دەرکردن لە کارەکانیانە.
لە سەردەمی ماست مێدیا و سۆسیال مێدیادا، ئاخوندەکان بە عەقڵی خۆیان دەیانهەوێ پێش لە بڵابوونەوەی موزیک بگرن و هەست و ئێحساسی خەڵک کۆنتڕۆل بکەن و خەڵک هەر گوێ لە ڕەوزەخوێنی و ئەفسانە خوێناوییەکانی ئەوان بگرێ و مێشکی لاوەکان بشۆنەوە و بەرەو شەڕ و کوشتن و خوێنڕشتن و توندوتیژی هانیان بدەن.