لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، سێ کۆڵبەری کورد لە ناوچەی سەردەشت کوژران و بریندار بوون.
بە پێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی شەممە، ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی سەردەشت لە گوندی “نۆکان”، تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران کرد و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێک بە ناوی “عومەر مەسلەحەت” خەڵکی سەردەشت گیانی لەدەست دا و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوی “ئومید کوشیار و عەبدولڕەحمان شایقی” خەڵکی “میرئاوا”ی سەردەشت بریندار بوون.
جێی بیرهێنانەوەیە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری بانە کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێک بە ناوی “عەلی مەعارفی” خەڵکی گوندی ” نەنۆڕ”ی ئەو شارە بریندار بوو.
کوشتن و بریندار کردن و ڕاوەدوونانی کۆڵبەرانی کورد کە بەهۆی بێکاری و نەبوونی ڕوو دەکەنە کۆڵبەری، بەردەوامە و ساڵانە لەو ڕێگەیەدا سەدان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم گیان لەدەست دەدەن.