باڵوێزی ئەفغانستان لە ئێران، ڕایگەیاند کە بەهۆی تەقەی پۆلیسی ئێران، ماشێنی هەڵگری ئەفغانییەکان ئاگری گرتوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، لە شاری “یەزد”ی ئێران لە ماشێنێکدا کۆمەڵێک ئەفغانی سووتان، کە ٣ کەسیان گیانیان لەدەست دا و ئەوانی دیکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە لە نەخۆشخانەن. “غەفوور لیوال” باڵوێزی ئەفغانستان لە ئێران ڕایگەیاند کە لە شاری یەزد سەردانی بریندارەکانی کردوە و دەرکەوتوە کە پۆلیس تەقەی لە ماشێنی هەڵگری ئەفغانیەکان کردوە و لە ئاکامدا هەموویان سووتاون و ٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
لەم ماوەیەدا ئەوە دووهەمین جارە کە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوەی دژی ئینسانیی لەهەمبەر ئەفغانییەکان ئەنجام دەدەن. لە مانگی ڕابردوودا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ٥٢ کرێکاری ئەفغانییان دوای ئەشکەنجە و بێڕێزییەکی زۆر لەسەر سنووری ئێران _ ئەفغانستان، خستە ڕووباری “هەریڕوود”ـەوە و لە ئاکامدا بەشێکیان گیانیان لەدەست دا، تا ئێستا تەرمی ١٨ کەسیان لە ڕووبارەکەدا دۆزراوەتەوە.
هێزە چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ئێران هێزێکی بڕیار بەدەست و دەست کراوەن و لە هەر شوێنیک پێیان خۆشبێ و بیانهەوێ تەقە لە خەڵک دەکەن و بێ هیچ لێپرسینەوەیەک دەیانکوژن. کوژرانی ئەفغانییەکان، خۆپێشاندەران و کۆڵبەرانی کورد، لەو نموونانەن کە هەردەم دووپات و چەند پات دەبنەوە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە خۆیان سەردەستەی بکوژ و جینایەتکارەکانن، دەستی هێزەکانیان ئاواڵە کردوە بۆ ئەنجامدانی هەر جینایەتێک و هیچ لێپرسینەوە و دادگاییەکیش لە گۆڕێدا نییە و بە ناهەق خوێنی خەڵکی بێ تاوان دەڕێژن و گیانیان لێ دەستێنن.