مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندنگەکان لە کوردستان دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کردەوە.
لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە ئێرانو کوردستان سەبارەت بە پێشێلکران و پشتگوێخرانی مافو خواستەکانیان لە لایەن کاربەدەستانو دەزگا جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٦ی رەزبەر، مامۆستایان جارێکی دیکە بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیو هەڵگرتنی پلاکاردی هەڵگری خواستەکانیان، ناڕەزایەتیەکانی خۆی دەست پێ کردەوە.
بە پێی زانیاریەکان، نارەزایەتیی مامۆستایان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە شارەکانی کرماشان، سنەو سەقز لە بەردەم ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشی ئەو شارانە بەڕێوە چووە. لەم بارەوە مامۆستایان بە بەرزکردنەوەی دروشمگەلی وەک گوشار بۆ سەر رێکخراوە پیشەییەکان بوەستێنن، نارەزایەتیی توندی خۆیان سەبارەت بە سەرکوتی توندی نارەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی پێشووی مامۆستایان دەربڕی.
ئەو خۆپێشاندانە کە لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو و لە سەر بانگەوازی کانوونی پیشەیی مامۆستایان دەستی پێ کردوە، پێشوەخت لە گەڵ دژکردەوەی توندی ناوەندە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوروو ببۆوە. رۆژی چوارشەممە ١٥ی رەزبەر هێزە ئەمنیەتیەکان لە شاری تاران بۆ پێشگرتن لەو نارەزایەتی و خۆپێشاندانانە، هەڵیانکوتایە سەر مامۆستایانی ناڕازی و ژمارەیەک لە ئەندامانی کانونی پیشەیی مامۆستایانی تارانیان دەستبەسەر کرد. محەممەد حەبیبی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی کانونی مامۆستایان یەک لە دەستبەسەرکراوەکانە.