زۆربەی خەڵک لە شارەکانی کوردستان کێشەی زۆریان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زبڵو زاڵەکان لە کۆڵانو شوێنی ژیانیان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردستانو کورد کەسانێکی زۆر بەهۆی هەژاری شەوانە دەچنە سەر سەتڵی زبڵو زاڵی خەڵک لە بەر دەرگای ماڵانو دوای پشکنین ئەوەی بە کەلکیان دێ دەیبەنو ئەوەی دیکەش بە گۆڕێ وەردەبێ.
پەیامنێری کوردستانو کورد دەڵێ زۆر کەس بەهۆی هەژاریو دەسکورتی شەوانە یان بەرەبەیان لە خەڵوەتدا دەچنە بەر دەرگای کەسانی دەوڵەمەندو زبڵو زاڵەکانیان هەڵدەڕێژن بۆ ئەوەی بەشکم شتێکیان دەست کەوێ بە کەلکیان بێ.
هەروەها کرێکارانی شارەوانیش کە کاری پاکو خاوێنیی شارو کۆکردنەوەی زبڵو زاڵ دەکەن، زۆر جار لە پێشدا زبڵو زاڵەکە دەپشکنن تا ئەگەر ئاسنەواڵەو شتی بەنرخیان تێدا بێ لێیان جیاکەنەوە. ئەوان بە مەبەستی فرۆشتنەوەیانو داهاتی زیاتر ئەو کارە دەکەن، بەڵام بەشێکی زۆر لەو زبڵو زاڵە بە گۆڕێ وەردەبێو دەبێ خەڵکی گەڕەک بۆ خۆیان دوایە بەر دەرکی ماڵو کۆڵانیان خاوێن کەنەوە.
پەیامنێری کوردستانو کورد دەڵێ هۆکارێکی دیکەی بڵاوبوونەوەی زبڵو زاڵ لە سەر شەقامو کۆڵانەکانی شار بەهۆی سەگو پشیلە بەرەڵڵاکانەو لەو بارەیەوە ڕەخنە لە شارەوانییەکان دەگیرێ کە لەو بارەی چارەسەریی ئەو کێشەیە کەمتەرخەمیی زۆریان هەیە.