گروپی تێرۆریستی داعش لە هێرشەکان بۆ سەر پێشمەرگەی کوردستان، لە چەکی کیماوی کەڵکی وەرگرتووە.
وەزارەتی پێشمەرگەی هەریمی کوردستان دەڵێ تاقیکارییەکان دەریان خستووە کە تاقمی تێرۆریستیی داعش لە شەر دژ بە هێزەکانی پێشمەرگە، لە چەکو تەقەمەنیی ئاخێندراو بە گازی خەردەل کەڵکیان وەرگرتووە.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی رەزبەر لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە ئەنجامی تاقیکاری لە سەر خوێنی ٣٥ پێشمەرگە دەریخستووە کە لە نێو خوێنەکەیاندا مادەی سولفۆری گازی “خەردەل”ی تێدایە.
هەرچەندە لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ژمارهی شەهیدو بریندارەکانی ئەو هێرشە شیمیاییانەی داعش نەکراوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیە دا هاتووە: ئەنجامی ئەو تاقیکارییانە بە هاوکاریی وڵاتانی هاوپهیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بۆ لێکۆڵینەوە زیاتر هەناردەی دەرەوەی کوردستان کراوەو هاواکات داوا لە وڵاتانی جیهان کراوە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە چەکانە هاریکاری هێزی پێشمـەرگەی کوردستان بکەن.
هاوکات باس لەوەش کراوە کە بە گوێرەی هێندێک لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو گرووپە تێرۆریستییە لە مانگی ژانوییەی ٢٠١٥ دا، لە هێرشێکدا کەڵکی لە گوللە تۆپو هاوەنی ئاخێندراو بە گازی شیمیایی وەرگرتووە. ئەوە جگە لەوەی کە لە چەند هێرشی پێشووتر دا لە گازی کلۆر و جۆرەکانی دیکە ئەو گازانە بۆ هێرش کردنە سەر سەنگەری پێشمەرگە کەڵک وەرگیراوە.