لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، دوو کچ و کوڕێکی مێرمنداڵ لە شاری سەقز کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە ١٤ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، کوڕێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی ”دانیال حوسێن پوور“ لە گەڕەکی قەوەخی سەقز خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، هەمان ڕۆژ کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی ”ئاڵا عەنبەری“ بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ڕۆژی شەممە، ٣ی جۆزەردان، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی گوندی ”قەبەغڵوو“ سەر بە شاری سەقز بە ناوی ”موفیدە حەسەن نژاد“ خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
شایانی باسە کە ئەو ڕیکخراوە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، باس لەوە دەکا کە لە ماوەی پێنج مانگدا، لانیکەم ١٦ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە ٨ کەسیان کچ و ٨ کەسیان کوڕ بوون.
جێگای ئاماژەیە کە لە ژێرسێبەری کۆماری ئیسلامیدا هەژاری، بێکاری و دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتیی و دەروونی نالەبار، ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتۆتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاقارێکی خراپتر هەنگاو دەنێ.