ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی بەرجام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کردەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی ” ئاسۆشیتێدپرێس”، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ڕۆژی هەینی، ١٦ی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، ڕاپۆرتێکی نهێنی بۆ ئەندامانی خۆی ناردوە کە وێنەیەکیشی بە دەستی ئەو هەواڵدەرییە گەیشتوە و باس لە گەیاندنی ئۆرانیومی پیتێندراو بۆ زیاتر لە ١٥٠٠ کیلۆ لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەکا. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ئورووپایی و هەروەها ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ئۆرانیومی پیتێندراو نابێ لە ٢٠٠کیلۆ زیاتر بێ، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خەریکی پەرەپێدانی ئۆرانیومی پیتێندراو و خاوە کە بۆ چەکی ناوکیی کەڵکی لێ وەردەگیردرێت و ئەمەش بە پێی هەڵسۆکەوت و ئامانج و سیاسەتی شەڕخوازانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتانی جیهانی نیگەران کردوە.
شایانی باسە، پاش دەرچوونی یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام، کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گوشار خستنەسەر وڵاتانی ئورووپایی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیومی زیاد کردوە و لەو ڕێژەیە کە لە لایەن وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنەکە و ئاژانسەوە بۆی دیاری کراوە، سنووری خۆی بەزاندوە.












