نوێنەری ئەمریکا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی دیپڵۆماسییەوە هەوڵێ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران دەدا.
“کلی کرفت” نوێنەری ئەمریکا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە وتووێژێکدا لە پێوەندی لەگەڵ درێژکردنەوەی گەمارۆکانی فرۆشتنی چەک بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان گەمارۆکان دووبارە بکاتەوە و دوو دەوڵەتی چین و ڕووسیەش بێنە نێو ئەم هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییەوە.
یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ٢٢٣١ ، واتە نەفرۆشتنی چەک بە کۆماری ئیسلامی ماوەی چەند ساڵێکە کاری پێدەکرێ و ئیزن نادرێ کە وڵاتان چەک وچۆڵ بە ئێران بفرۆشن.
نوێنەری ئەمریکا ڕایگەیاند کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئێران، لە هەوڵدان کە لە ڕێگەی دیپڵۆماسییەوە نەهێڵن گەمارۆکانی فرۆشتنی چەک بە کۆماری ئیسلامی هەڵبگیرێن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران وەک ڕێژیمێکی شەڕخواز و ئاژاوەگێڕ و تێرۆریست ناسراوە و هەموو لایەنەکان لە هەوڵدان کە ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی و دوورهاوێژ ڕانەگا.
هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ دەستوێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنان و دروست کردنی مووشەکی دوورهاوێژ، ساڵانێکە بۆتە کێشەیەکی گەورە و چارەسەر نەکراو و بەم هۆیەوە کۆماری ئیسلامی کەوتۆتە ژێر گەمارۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەگرتوەکان.
لە کاتێکدا خەڵکی ئێران بە دەست هەژاری و برسییەتی و نەبوونییەوە دەناڵێنن، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە هەوڵی خۆتەیارکردن بە چەکی پێشکەوتوو و کۆمەڵکوژ دایە و خەریکی ئاژاوەگێڕی و پلانی تێرۆریستییە لە جیهان و ناوچەکەدا.












