بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگە، چالاکییەکی شاخەوانی لە کێوی میراجی مەریوان بەڕێوەچوو.
ڕۆژی هەینی، ١٦ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگه، گرووپی شاخەوانیی ئەنجومەنی “سەوزی چیا” لەگەڵ ئەنجومەنی پاژینی بانە و گرووپی شاخەوانیی کۆیار، بە سەرکەوتن بەسەر کێوی میراج، چالاکییەکیان بەڕێوە برد و یادی ڕۆژی جیهانیی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی ٥ـی ژوئەن بەرامبەر بە ١٦ی جۆزەردان، بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە ناودێر کراوە و بۆ ئەم مەبەستەش لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وێڕای ڕێگریی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ژینگەدۆستان و چالاکانی بواری ژینگە لە ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان بەم بۆنەوە چەندین چالاکی بەڕێوە دەبەن.
شایانی باسە، مەبەست لە دیاریکردنی ڕۆژێک بەم ناوە، بۆ گرینگی دانی زیاتری خەڵکە بە ژینگە و گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی تایبەت بۆ بەرگری لە کاولکارییە ژینگەییەکان، کە هەموو ساڵێک بە هۆی زۆرتربوون و بەرفراوانبوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان، پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ و هەر ئەم بابەتەش چالاکان و ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزیی نیگەران کردوە.