٢٧ـی بانەمەڕ کە ڕۆژی لەدایکبوونی ئوستاد پەرتەوی کرماشانییە، شەش ساڵە بە هیممەتی قەڵەمبەدەستان و ئۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردی (ڕێکخراوی فەرهەنگیی دەنگی پەڕاو) لەو ڕۆژەدا ڕێز لەو شاعیرە بەنرخە دەگیردرێ کە بە ویستی خۆی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان خۆ دەبوێرێ.
(دەردم کەسی نییە زانید/ داخم لە بیکەسی خوەم
تەنیا مە چوو بکیشم/ ئیی هەمگە ناحەساوە!)
ئەمساڵیش کەسایەتییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی کوردستان (قوتبەدینی سادقی، کەیخسرەو پوورنازری، عەتا نەهایی، بیژەن کامکار، شارام نازری، ئارام مستۆفی و …) بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لەسەر قەڵەم و ڕوانگەی هونەریی ئوستاد پەرتەو دوان.
شێعری “پەرتەو” کە زۆرتر لە خودی شاعیرەکە ناسراوە و بووەتە وێردی سەر زاری زۆریەک لە خەڵکی کوردستان و لەسەر غەزەلی ئەو شاعیرە ئاواز و گۆرانی دانراوە و دەتوانین بڵێین سیکلێکی بەهێزە لە نێوان “دانەر” و “خوێنەر” کە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی دیکەی قەڵەمبەدەستانی ئەو ڕەوتەدا نابیندرێ و نووسەری زۆر هەیە کە تەنیا لە دیوی ماڵی خۆی بەرهەمەکانی دەبیندرێ و یان تاقە دێڕێکی لە سەرزار و بنزاری کەس نابیسی و بەتەواوی بێبەرییە لە بەردەنگ!
“علیاشرف نوبتی کرمانشاهی” ناسراو بە پەرتەو کرماشانی پێش ئەوەی بەرهەمەکانی لە دووتوێی کتێبی “کوچە باخی”ها چاپ بکرێ، خوێنەر و ئەدەبدۆستانی کورد گیاخاوی دووبەیتی و چناری ڕیشەداری، غەزەلەکانیان دەناسی و ڕەنگە ئێستاش زۆر کەس نەزانێ تێکستی گۆرانیی “ئەرمەنی” کە بووەتە بیرەوەریی هاوبەشی زۆرێک لە کوردانی ڕۆژهەڵات و بگرە پارچەکانی دیکەش هیی پەرتەوە و، ئەو نووسەرە لە سەردەمانێک هەوڵی داوە بە زمانی دایک بنووسێ کە کرماشان لەمێژە فەرهەنگ و زمانی لەژێر ڕم و سمی ئاسیمیلەکردنێکی مێژووییدا دەیناڵاند.
بە کورتی ئەگەر ئاماژە بە خاڵە بەهێزەکانی شێعر و قەڵەمی “پەرتەو” بکەین، دەتوانین بڵێین شێعرەکانی هەڵگری سۆز و هەستێکی تایبەتە و چیدمان و بەکار هێنانی هێندێک دەستەواژەی کوردیی پەتی، نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو شاعیرە خەڵکییە دەیهەوێ سەمیمانە بنووسێ و لەژێر ناوی “فازلانە نووسین” سەری لە خۆی و خوێنەر نەشێواندوە.
دووبەیتییەکانی “پەرتەو” فۆرمێکی ڕێک و نێوەرۆکێکی جوان و تازەی تێدایە کە خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێ هەستی پێ بکا. هەر بۆیە پێشوازی لە نووسینەکانی پەرتەو کرماشانی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە زێدی خۆی ئەگەر زۆرتر نەبێ بەدڵنیاییەوە کەمتر نییە.
جوانییەکانی غەزەلی ناسیوە و بە جوانییش ناساندوویەتی بە خوێنەر و، لە دووبەتییەکانیدا وەکوو تایبەتمەندیی بەهێزی دووبەیتی لە یەکەم میسراع خوێنەر بە پەلەیە بگاتە دوایین میسراع کە چێژی هونەری دووبەیتی لەوەدایە:
“دڵم بیتاقەتە بەشکەم بوەیدەی
حەواست بوو لە ڕێ ترسم بخەیدەی
وە باخ هاتیت و سێفێک وەدەست بوود
حەرامت بوو، ئەگەر بیمە بخوەیدەی!
ئەو پەرتەوە پەڕاوییە، زۆر بە جوانی و ژیرانە لە تەنیشت شێعری بەسۆزی ئەڤیدارانە، هەستی نەتەوەیی و نیشتماندۆستیی جێ خستوە کە دەچێتە خانەی ئەدەبی بەرگرییەوە، ئەویش لە ناوچەی هەڕەشە لەسەر و هەستیاری کرماشان و ئەو دەڤەرە.
ئەو لە سۆنگەی بایەخدان بە “کرماشان” لە بناری شاخی پەڕاو بۆ گشت کوردستان دەچریکێنێ کاتێک لە غەزەلێکدا دەڵێ: “کرماشان دیارە عیشقە، حەیفە خاپووری نەکەین/ خەرگ کورە بنیشم ئاو و خاکم هەر یەسە!
لە دەقێکی دیکەدا دەبێژێ:
“مە کرماشانی و تۆ کورد “بانە”
وەیەک دووریم و دووری دەردمانە …”
ئوستاد پەرتەوی کرماشانی دەتوانێ سەرمەشقێک بێ بۆ جیلی نوێی نووسەرانی ئیلام و کرماشان کە لە مەتەرێزی قەڵەمدا قەڵەمڕەوی خۆیان و پێناسەی نەتەوەییان بپارێزن.