لە کاتێکدا کچانی شیناوێ بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستە سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن، بەڵام وەزارەتی بێهداشتی کۆماری ئیسلامی ڕێگرە.” حوسێن قازیزادەی هاشمی”، وەزیری بێهداشتی کۆماری ئیسلامی بۆ پاساودانەوەی ڕێگرییەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەهەمبەر ناردنی کچانی شیناوێ بە مەبەستی چارەسەی پزیشکی بۆ دەرەوەی وڵات، هۆکاری ئەم ڕێگرییەی بۆ ڕای پزیشکی گەڕاندۆتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕای پزیشکانی پسپۆڕ ئەوەیە کاتێکی زۆر کەم بۆ چەند نەشتەرگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر ئەو کچانە ماوە کە بەهۆی نەبوونی ئیمکانات لە ئێران ناکرێ و دوای ئەو کاتە ئیدی هەوڵەکان بێسوود دەبن. کچانی شیناوێ بۆ چەندەمین جار لە بەردەم باڵەخانەی سەرۆک کۆماری کۆبوونەوە و سەبارەت بە کەمتەرخەمیی ناوەندە بەرپرسیارەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام پاش حەوتوویەک مانەوە لە تاران هیچ کاربەدەستێکی بڕیاربەدەستی ڕێژیم ئامادە نەبوو لەگەڵیان کۆ بێتەوە و گوێیان لێ بگرێ.
لە ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانە لە گوندی شیناوێی شاری پیرانشار لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، زیاتر لە ٢٩ قوتابیی ئەو پۆلە سووتان کە دوو کەسیان بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەست دا.
جێی ئاماژەیە، ئاگرکەوتنەوە لەو قوتابخانەیە ئاکامی نەخوازراوی ڕۆحی و کۆمەڵایەتی بۆ سووتاوەکان، ئەندامانی بنەماڵە و خەڵکی گوندی شیناوێ دروست کردوە.