هاوكات له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی هێرشه ئاسمانییه‌کانی ڕووسیه له سووریه، سه‌ركۆماری ئا‌مریكا دوو وڵاتی ئێران و ڕووسیه‌ی وریا کرده‌وه که پێداچوونه‌وه به سیاسه‌ته‌کانی خۆیاندا بکه‌ن، ده‌نا له زه‌لكاوی سووریه‌دا ده‌چه‌قن.
باراك ئۆباما سه‌ركۆماری ئا‌مریكا وێڕای ئاماژه به‌وه‌ی كه ته‌نیا هۆكاری مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات پشتیوانیی ئێران‌و ڕووسیه له‌و ریژیمهیه، وریایی ئه‌وه‌ی داوه كه ڕووسیهو ئێران به ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری سووریه له زهلكاوێكدا ده‌مێننه‌وه كه توانای هاتنه ده‌ره‌وه‌یان نامێنێ.
ئۆباما له پرێسكۆنفرانسێكدا له كۆشكی سپی گوتی، به‌شاری ئه‌سه‌د هێشتا له ده‌سه‌ڵات دایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ڕووسیهو ئێران به‌رده‌وام پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی كه ڕووسیه‌ش ئێستاکه ده‌یكا هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ ڕابردوو نییه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ كه پێشتر به نهێنی ده‌یكرد به‌ڵام ئێستا به ئاشكرا ده‌یكا.
ناوبراو هه‌روه‌ها گوتی: گیرگرفتهكان ئه‌وه‌ن كه بێ بهزهییو سیاسه‌تی کوشتاری به‌شار ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆی ده‌بێ كۆتایی پێ بێ‌و بوه‌ستێندرێ، بۆ ئه‌مه مه‌به‌سته‌ش ئێمه ئاماده‌ین هاوكاریی هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ین.
ناوبراو له درێژه‌دا گوتی ئا‌مریكا له شه‌ڕدا ڕکه‌به‌ریی ڕووسیه ناکا، به‌ڵكوو به قسه‌ی ناوبراو له‌م شه‌ڕه‌دا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی سووریه‌یه.
باراك ئۆباما ده‌ڵێ، ڕووسیه بڕیاری داوه كه له به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی زیاتر له ٦٠ وڵاتی جیهان، به‌شێك له به‌ره‌ی ئه‌سه‌دو ئێران بێ. ئه‌و گوتی ئێران‌و به‌شار ئه‌سه‌د هاوپه‌یمانی ئێستای پۆتینن، جیهانیش هاوپه‌یمانی ئێمه‌یه‌و، وا بیر ناكه‌مه‌وه كه خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ستراتیژیی ڕووسیه بن.